میدیا حوسێن، کچە وەرزشکاری خەڵکی قامشلۆی ڕۆژاڤای کوردستان، لە پاڵەوانێتیی یانەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا توانی نازناوی "باشترین گۆڵپارێز" بەدەستبهێنێت و مێژوویەکی نوێ بۆ تۆپی پێی کچانی ناوچەکە بنووسێتەوە.
ئەم کچە وەرزشکارە کە لەدایکبووی ساڵی 2011ـەیە و خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە، سەرەڕای کەمیی دەرفەت و ئاستەنگەکان، توانیویەتی لە پۆستە سەختەکەی گۆڵپارێزیدا جێگەی خۆی بکاتەوە.
میدیا جگە لەوەی درێسی هەڵبژاردەی تۆپی پێی کچانی سووریا دەپۆشێت، لە ئاستی یانەکانیشدا یاری بۆ یانەی هیلال دەکات.
حەزی میدیا بۆ تۆپی پێ هەر لەخۆڕا نەبووە؛ ئەو لە خێزانێکی وەرزشکاردا گەورە بووە کە باوک و دایکی پێشتر یاریزان و ڕاهێنەری یانەی جهاد بوون، هەروەها خوشک و برایەکانیشی خەریکی یاریی تۆپی پێ و تێنس بوون.
ئەم ژینگە وەرزشییە بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی 2022ـەوە دەست بە ژیانی پیشەگەری بکات و لە یانەکانی جهاد و پەیمانەوە بگاتە یانەی هیلال و چەندین جار خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بەدەستهێناوە.
پاش ئەوەی لە پاڵەوانێتیی ڕۆژئاوای ئاسیا بێشکست مۆندیالی ناوچەکەیان بردەوە و خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پێشکەش کرا، ئێستا میدیا خۆی بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتیی سووریا لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا ئامادە دەکات کە بڕیارە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی هیندستان، عێراق و مالیزیا ببنەوە.
سەرەڕای سەرکەوتنەکانی، ئەم کچە گۆڵپارێزە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کچانی وەرزشکار لە ناوچەکەدا هێشتا پێویستیان بە پشتگیری و گرنگیپێدانی زیاتر هەیە، بەڵام بە ئیرادە و متمانە بەخۆبوونەوە بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی تواناکانی بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی گەورەتر.