عەبدوڵڵا ئۆجالان، پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی سێیەمین کۆنفرانسی گەورەی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک کرد کە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
لە پەیامەکەیدا ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستیی ئەمڕۆی ناوچەکە گەڕاندنەوەی ئیسلامە بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و ژیانی ئازاد، نەک دەسەڵات و سەرمایەداری.
کۆنفرانسەکە لەلایەن فیدراسیۆنی توێژینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا (MİA-FED) لە ژێر دروشمی "ئیسلامی دیموکراتیک: دڵسۆزی لە باوەڕدا، ئازادی لە کۆمەڵگەدا" لە هۆڵی عەلی ئەمیری دەستیپێکرد، و پەیامەکەی ئۆجالان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی لەلایەن ئامادەکارانەوە خوێندرایەوە.
ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی ئیسلام کرد و ڕایگەیاند: "ئیسلام لە جەوهەری خۆیدا جووڵانەوەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە."
ئەو ڕەخنەی لە قۆناغی دوای حوکمی ئەمەوییەکان گرت کە تێیدا ئیسلام لە سیستمی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدرا بۆ ئامرازێکی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی دەوڵەت و گوتی: "ئەمڕۆش چ ئیسلامی فەرمی دەوڵەت یان پێکهاتە مەزهەبییەکانی کە ئامانجیان دەسەڵاتە، درێژەپێدەری ئەو لادانە مێژووییەن."
پشت بەستن بە پەیماننامەی مەدینە
ئۆجالان پەیماننامەی مەدینەی وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ بۆ پێکەوەژیان ناوبرد و وەک یەکەمین مۆدێلی فرەیی و دەستووری کۆمەڵایەتی دیموکراتیک وەسفی کرد کە تێیدا پێکهاتە و باوەڕە جیاوازەکان پارێزگارییان لە ناسنامەی خۆیان کردووە.
هەروەها چەمکی "جیهاد"ی وەک خەباتێکی بەردەوام لە دژی ویستی دەسەڵاتخوازی، خۆپەرستی و ستەمکاری ناوبردووە.
پرسی ژن و چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە پەیامەکەیدا هاتووە، ئەو تێگەیشتنەی کە ماف و ئازادییەکانی ژنان پشتگوێ دەخات، سروشت تاڵان دەکات و دوژمنکاريی لە نێوان گەلاندا دەچێنێت، نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی ئیسلام ناکات.
ئۆجەلان جەختی کردەوە کە ئیسلامی دیموکراتیک داکۆکی لە ئازادیی ژن، ژیانی ئیکۆلۆژی و برایەتی گەلان دەکات.
لە کۆتاییدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بە قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی کرد و ڕایگەیاند کە چارەسەر لە بەهێزکردنی دەسەڵاتە هەژموونخوازەکاندا نییە، بەڵکو لە پەرەپێدانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدایە.
هیوای خۆشی دەربڕی کە دەرەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە ببنە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک و سەرخستنی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک".