لێدوانە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دژی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، قەیرانێکی دیپلۆماسی قورسی لەنێوان ڕۆما و واشنتندا دروستکردووە؛
بە جۆرێک وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وەک ناڕەزایەتییەک، سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە.
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری امور دەرەوەی ئیتالیا کە بڕیار بوو لە21 و 22ی حوزەیرانی2026 سەردانی ئەمریکا بکات، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "قسە توند و سووکایەتی ئامێزەکانی سەرۆک ترەمپ، تەواوی گەلی ئیتالیای ئازاردا" بۆیە بڕیاری داوە سەردانەکەی ڕەتبکاتەوە.
هاوکات جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا سەرسوڕمانی خۆی لەو قسانەی ترەمپ دەربڕی کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی ئیتالی کردبوونی.
بەگوێرەی دەقی چاوپێکەوتنەکە، ترەمپ ڕایگەیاندبوو: "خانم مێلۆنی لە لووتکەی کۆمەڵەی حەوتدا زۆر پەرۆش بوو وێنەم لەگەڵ بگرێت، منیش تەنیا لەبەر ئەوەی بەزەییم پێدا هاتەوە، ڕێگەم پێدا."
ترەمپ هۆکاری قسەکردنیشی لەگەڵ مێلۆنیدا بۆ "دڵخۆشکردنی" ئەو گەڕاندەوە و گوتی، هیچ ناچار نەبووە قسەی لەگەڵ بکات.
مێلۆنی ئەم لێدوانانەی بە "هەڵبەستراو" ناوبرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "نە من و نە ئیتالیا، هەرگیز کڕنۆش بۆ کەس نابەین. نازانم بۆچی سەرۆکی ئەمریکا بەم شێوازە مەمەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا دەکات."
مێلۆنی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ گرت و گوتی: "تەنیا دەتوانم بڵێم بەداخەوە کە ترەمپ ئەم جۆرە توندوتیژەییە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕۆژئاوا و ئەمریکادا نیشان نادات، بەپێچەوانەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەواندا زۆر نەرمترە."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە لووتکەی سێ ڕۆژەی وڵاتانی پیشەسازیی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە 15 تا 17ی حوزەیرانی2026 لە شاری ئۆڤیانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، مێلۆنی لە کۆتایی لووتکەکەدا باسی لە هەبوونی "کەشێکی ئەرێنی و بێ گرژی" لە نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی دیکەدا کردبوو.
پێشتریش لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و مێلۆنی گرژیی تێکەوت، کاتێک مێلۆنی بەرگری لە پاپا لێۆ کرد لە بەرامبەر ڕەخنە توندەکانی ترەمپدا.
لەو کاتەدا ترەمپ، مێلۆنی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە چوارچێوەی ناتۆدا هاوکاریی ئەمریکای نەکردووە و تەنانەت هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئیتالیا کردبوو، بە بیانووی ئەوەی ڕۆما لە شەڕی دژ بە ئێراندا هیچ یارمەتییەکی واشنتنی نەداوە.