وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەرەتای وەرزی بارانبارینەوە توانراوە سوود لەئاوی باران وەربگیرێت و ڕێژەیەکی زۆر ئاو کۆبکرێتەوە، دەشڵێت، 20 بەنداو سەرڕێژبوونە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نوسیوویەتی، بە گوێرەی پلانی زانستی وەزارەت توانراوە لەسەرەتای وەرزی بارانەوە سوود لە باران و داهاتی ئاوی ئەمساڵ وەربگیرێت و ڕێژەیەکی زۆر باش ئاو کۆ بکرێتەوە.
دەربارەی پڕبوونی بەنداوەکانیش دەڵێت، 20 بەنداوی بچووک و مامناوەند بەتەواوی پڕبوون و سەرڕێژ بوونە لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنداوی دەربەندیخان 2.3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا کۆکراوەتەوە و بەنداوی دوکان 3.7 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدا کۆکراوەتەوە، بەنداوی دهۆکیش نزیکە لە پڕبوون و 47 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
دەربارەی بەنداوی گۆمەسپانیش دەڵێت، بڕی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خەزنکردووە کە %60ـی ئاوی کۆکراوەی ئەمساڵە.
باسی لەوەشکردووە، پلانی کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی ئاوییان لە کۆتای وەرزدا هەیە بۆ ئەمساڵ.
