وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە ڕاگەیندراوێکدا دەڵێت : بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایە دەكەین كە كرایە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی کردە ئامانج، كە پێشێلکارییەكی ئاشکرای سەروەری خاكی عێراق و سەلامەتی خاكەكەیەتی.
لە ڕاگەیندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە شانشینی سعودیە ڕەتکردنەوەی تەواوەتیی خۆی دەربڕیوە بۆ تەواوی ئەو کردەوە دوژمنکارانەی کە کەسایەتییە سیاسی و بەرپرس ویان ئاسایشی دامودەزگاکانی عێراق دەکەنە ئامانج و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە.
وەزارەتەکە لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەدا هەڵوێستی نەگۆڕی سعودیەشی دووپات کردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و پێشێلکردنی سەروەرییان، هەروەها جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە