خێزانێکی ئێزدی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی منداڵە چوار ساڵانەکەیان ڕوویان لە ئەورووپا کردبوو، لە فڕۆکەخانەی عەدنانی مەندەرەس لە ئیزمیر دەستبەسەر کران.
ئەو خێزانە ئێزدییە بە بیانووی ڤیزای تەزویر دەستگیرکران و پیاوەکە ڕەوانەی زیندانی شاکران کرا و دایکەکەش لەگەڵ دوو منداڵەکەی ڕەوانەی سەنتەری گەڕاندنەوە کران.
ئادهەم کوروش، پارێزەری خێزانەکە، لە بارەی کێشەی ئەو خێزانە ئێزدییەوە ڕایگەیاند: منداڵە چوار ساڵانەکە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن پزیشکێکی سەربەخۆی تایبەتمەندی منداڵانەوە بپشکنرێت.
گوتیشی: دایک و منداڵەکان تەنیا بە کوردی قسە دەکەن؛ چونکە تورکی نازانن و لە سەنتەرەکە تووشی کێشەی وەرگێڕان بوونەتەوە و سەرەڕای نیشاندانی ناونیشانێکی دیاریکراو، داواکاریی ئازادکردنی دایکەکە و منداڵەکان لەلایەن دادگاوە ڕەتکرایەوە.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کرد کە خێزانەکە لێک هەڵوەشێندراونەتەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دایکەکە و منداڵەکان دەکەن.