تا ئێستاش بەشێک لە کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان ڕەگەزنامەیان پێنەدراوە. خێزانێکی کورد لە شاری کۆبانێ باسی لەوە دەکەن کە نەبوونی ناسنامە ڕێگرە لەبەردەم تۆمارکردنی خانوو و زەوییەکانیان بەناویانەوە.
بەهۆی زوڵم و ستەمەکانی ڕژێمی بەعس لە سەردەمەکانی پێشوو، تا ئێستاش بەشێک لە کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان بێبەشکراون لە مافی پێدانی ڕەگەزنامە و ناساندنی زمانەکەیان. بەهۆی سەپاندنی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە بوونیان، بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد ناتوانن ماڵ و زەوییەکانیان بەناوی خۆیان تۆمار بکەن، تەنانەت ناشتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.
لە ڕۆژاڤای کوردستان و بەتایبەتیش لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشوودا، زۆرێک لە کوردانی ڕۆژاڤا بێبەشکران لە مافی پێدانی ڕەگەزنامە، خێزانی مستەفا حاجی ئەحمەدیش یەکێکە لەو خێزانانە.
مستەفا حاجی ئەحمەد، هاووڵاتییەکی خەڵکی کۆبانێ ڕایگەیاند: نەبوونی ڕەگەزنامە ڕێگرە لەبەردەم تۆمارکردنی ماڵەکەم لەسەر ناوی خۆم.
دوابەدوای ئەوەی حکومەتی کاتیی سوریا هاتە سەر دەسەڵات، کوردانی ڕۆژاڤا بەئومێدن هاوشێوەی سەرجەم هاووڵاتییانی سووریا ناوەکانیان لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا تۆمار بکرێت، تاوەکو بتوانن موڵک و ماڵەکانیان تاپۆ بکەن و ڕەگەزنامە بۆ منداڵەکانیان دروست بکەن.