نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە باسل حافز سوێدان، وەزیری کشتوکاڵ و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی مەحمود خەلیل، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە، جیهان حەسەم، بەڕێوەبەری ناوچەی قامیشلۆ و نوێنەرانی دامەزراوە کشتوکاڵییەکان بەڕێوە چوو، ڕەوشی کەرتی کشتوکاڵ و پێشهاتەکانی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان تاوتوێ کران.
لە دانیشتنەکەدا هەردوولا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 19ی کانوونی دووەمدا، هەڵسەنگاندنیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە کرد.
هاوکات بارودۆخی ئێستای کەرتی کشتوکاڵ، ئاستەنگە سەرەکییەکان و ڕێگەچارەکانی گەشەپێدان و چاکسازی لە ڕەوشی کشتوکاڵدا خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
بڕیاریشە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاکە، وەزیری کشتوکاڵ سەردانی ژمارەیەک لە دامەزراوە کشتوکاڵییەکانی حەسەکە بکات، بە مەبەستی ڕاستەوخۆ هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانیان و بەدواداچوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان لە ناوچەکەدا.