ڕاستەوخۆ

پشتێنەی عەرەبی: هەوڵێک بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان

reset font size increase font size

پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، یەکێک بوو لە مەترسیدارترین پیلانەکان بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ئەنجامدا دەست بەسەر هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵیی هاووڵاتییانی کورددا گیرا.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە 60 ساڵ بەسەر ئەو پڕۆژەیەدا، هاووڵاتییانی ناوچەکە بە ئومێدن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمدا مافە دەستوورییەکانیان بە فەرمی دانی پێدا بنرێت.

عەدنان حوسێن، هاوڵاتییەکی ناوچەکەیە و تاپۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانی خێزانەکەی نیشان دەدات، کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی 1960 دەگەڕێتەوە. بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، زیاتر لە 600 دۆنم لە زەوییەکانی ئەوان، هاوشێوەی سەدان زەویی دیکەی هاووڵاتییانی کورد، بوونەتە قوربانیی پڕۆژەی بەعەرەبکردن. عەدنان ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕژێمی بەعس بە زۆری چەک دەستی بەسەر زەوییەکاندا گرتووە و چیرۆکی گۆڕینی ناوی شار و شارۆچکەکان بووەتە تراژیدیایەکی بەردەوام لە مێژووی ناوچەکەدا.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبیدا، تەنیا زەوییەکان داگیر نەکراون، بەڵکو هەوڵێکی چڕ دراوە بۆ سڕینەوەی شوناسی بەکۆمەڵ. ڕژێم هەڵمەتی گۆڕینی ناوی گوند و شارۆچکەکانی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی دەست پێ کردبوو، بە جۆرێک دەستەڵاتداران دەچوونە ناو گوندەکان و تابلۆ کوردییەکانیان لێ دەکردەوە و تابلۆی عەرەبییان لە شوێنیان هەڵدەواسی.

دوابەدوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریا دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا، خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئومێدەوە دەڕواننە قۆناغی نوێ تاوەکو ڕێگری لە هەموو هەوڵێک بگیرێت بۆ بەعەرەبکردنی خاکەکەیان و داوا دەکەن مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی بچەسپێنرێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.