نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، تۆم باراک، لە پەیامێکدا پێشوازی لە تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دەکات و دەڵێت، پلانی بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆی هاتنەدیی سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەمووان، کە تێیدا دابڕانەکانی رابردوو دەگۆڕێن بۆ هاوبەشییەکی هەمیشەیی.
باراک ئاماژەی بەوەش کردووە، داننان بە زمانی کوردی لە پڕۆسەی خوێندن و پێدانی پێگەی باڵا بە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە حکومەتی سووریادا، پێزانینە بۆ قوربانیدانی کورد لەپێناو سەقامگیریی ناوچەکەدا.
جەختی کردەوە کە ئەمە پرۆسەی براوە و دۆڕاو نییە، بەڵکو مۆدێلێکی راستەقینەی تێکەڵبوونە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی وڵات لەژێر دروشمی "یەک سوپا، یەک حکومەت و یەک دەوڵەت"دا.