سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرش و ڕێگرییەکانی سەر ئاوارەکانی شاری سەرێ کانی کرد و جەختی لەسەر پارێزراوبوونی مافی گەڕانەوەیان کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیاند کە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و ڕێگرییانە دەکەن کە کراونەتە سەر خێزانە ئاوارەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شاری سەرێ کانی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای ئەو کەسانەدا دەچن کە لە ڕووداوەکەتدا تێوەگلاون و ڕێکاری یاسایی توندیان لەدژ دەگیرێتەبەر.
سیپان حەمۆ دووپاتی کردەوە کە مافی گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان پارێزراوە. هەروەها جەختی کردەوە کە دوای گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیی پێویست و زامنکردنی سەلامەتییان، پرۆسەی گەڕانەوەی خەڵک بۆ شاری سەرێ کانی بەردەوام دەبێت.