ڕاستەوخۆ

ئیلهام ئەحمەد: کورد ئێستا لەسەر ناوی سووریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە پەرە پێدەدات

reset font size increase font size

ئلهام ئەحمەد، سیاسەتمەدار و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا پەیامێکی ئاڕاستەی بەرپرسانی ئەنقەرە کرد و داوای کرد دەست بە قۆناغی گفتوگۆ و پەیوەندیی فەرمی بکرێت.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی تورکیی (IKLE TV)، ناوبراو بە توندی ڕەتی کردەوە کە لە ڕابردوودا هیچ کردارێکی چەکداریی ئەنجام دابێت یان چەکی دژی تورکیا هەڵگرتبێت، و داوای کرد ناوی لە لیستی داواکراوانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا بسڕدرێتەوە بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕێکاری دیپلۆماسی و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ.

ڕەخنەی لە نەبوونی هیچ کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا گرت و جەختی لە سەر پێویستیی دروستکردن و فەرمیبوونی ئەو کەناڵانە کردەوە.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی خۆسەر خوازیاری سەقامگیری و گفتوگۆیە لەگەڵ ئەنقەرە، و ئاماژەی بەوەش دا کە ڕێگای چارەسەری پرسی کورد لە هەردوو وڵاتدا ڕوونە و هیوای خواست دەرگاکانی ئاشتی و دانوستان بکرێنەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بەردەوامە لە هێشتنەوەی ناوی ئیلهام ئەحمەد لە لیستی داواکراواندا، چونکە ئەنقەرە بە فەرمی ئیدارەی خۆسەر وەک درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەژمار دەکات، سەرەڕای ئەوەش ئەم هەڵوێستە نوێیەی سەرکردەکەی ڕۆژئاوای کوردستان وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ وروژاندنی پرسی گفتوگۆ دەبینرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی مەجلیسی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕایگەیاند کە کورد پێشتر لە ڕێگەی ئیدارەی خۆسەرەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوە ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا لەسەر ناوی تەواوی سووریا پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە پەرە پێ دەدات و ڕۆڵێکی کارا لە داهاتووی وڵاتدا دەگێڕێت.

لە لێدوانەکانیدا، ناوبراو جەختی لە گرنگیی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکانی سووریا و تورکیادا کردەوە و دیاری کرد کە ئەوان ڕێگە نادەن ناوچەکانیان ببنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ، هاوکات خواستیشی دەربڕی کە ئاڵۆزییە سنوورییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.