وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارابوونی سیستەمی زانکۆلاینی بۆ پێشكەشکردنی داواکاریی دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕاگەیاند.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی کارا کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ بەردەوام دەبێت. خوێندکاران و دەرچووان دەتوانن لەڕێگەی وێبسایتی فەرمیی (regayzanko.com) و بە بەکارهێنانی ناوی بەکارهێنەر (Username) و وشەی تێپەڕ (Password)، بچنە ناو سیستەمەکە و بەپێی ئارەزوو و کۆنمرەکانیان داواکارییەکان تۆمار بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لە خوێندکاران دەکات لەماوەی دیاریککراودا بە شێوازێکی ورد فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە تاوەکو تووشی هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی وەرگرتنیاندا نەبنەوە.