وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ باشتربوونی دۆخەکەدا، ئەمساڵ زیاتر لە 30 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە قەزای شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەی گەڕاوەکان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرچاوە و زیاتر لە 30 هەزار کەس گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال و ناوچەکانی قەحتانییە و سنوونێ، ئەوەش دوای سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەشی خستەڕوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، ستراتیژێکی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ناوچەکانی شەنگال داناوە بۆ ئەوەی ببنە جێگەی سەرنجی خێزانە گەڕاوەکان، و کار بۆ جێبەجێکردنی پلانی ساڵانە دەکرێت لەپێناو داخستنی دۆسیەی کەمپەکان.
ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا نزیکەی 19 هەزار ئاوارە، کە زۆربەیان ئێزیدین، لە 16 کەمپی هەولێر و دهۆکدا ماونەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا بیرهێنراوەتەوە کە لە 3ی ئابی 2014ـدا، چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شەنگالدا گرت و کۆمەڵکوژییان دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجام دا، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، و سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک، تا ئێستاش ڕێککەوتنی شەنگال کە لە نێوان هەولێر و بەغداد واژۆ کراوە، وەک پێویست نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.