مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری "ئەلمۆنیتەر" ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، نەمانتوانیوە حکومەتێک پێکبهێنین، بەهۆی ئەوەی هاوبەشەکانمان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوکارمان نەبوون.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی تاکە لایەنە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و پێویستە ئەو لایەنانەی پەرلەمانیان کردووەتە بارمتە سزا بدرێن.
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ترسیان لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا هەیە؛ بەتایبەت کە تاوەکو ئێستا بەهۆی سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە توانیویانە بەشێکی زۆری هێرشەکان بەرپەرچ بدەنەوە، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەیان ڕووبەڕووی مەترسیی جدی دەبنەوە، چونکە تاوەکو ئێستا سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە.
سەبارەت بە هێرشی سەر نووسینگەکەی، مەسرور بارزانی گوتی: "پێویستە بەرپرسانی ئێران خۆیان وەڵام بدەنەوە و ڕوونکردنەوە بدەن، کە ئەگەر ئەوان هێرشی سەر نووسینگەکەیان ئەنجام نەداوە، چۆن توانراوە بە درۆنێک هێرش بکەن کە تەنها ئەوان هەیانە."