سەپاندنی گەڕێکی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە گەمارۆی لەسێدارەدان و هەناسەبڕ وەسف کراوە، ڕاستەوخۆ کارگەریی قورسی لەسەر ڕەوشی ئابووری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست کردووە.
لە بازاڕەکانی سنە، کرماشان، ئیلام و ورمێ، بەرەوژوورچوونی ڕۆژانەی نرخەکان گوزەرانی هاووڵاتییانی خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی هەڵاوسان و بێکاری، گوشارێکی کەموینەیان خستووەتە سەر خێزانەکان لەم ناوچانەدا.
ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای ئیلام 114%ی تێپەڕاندووە، کە بەرزترین ئاستە لەسەر ئاستی ئێران. هەروەها بەپێی ئامارەکانی مانگی تەمموز، ئیلام بە تۆمارکردنی 121% لە پێوەری نەهامەتیدا (کۆکراوەی هەڵاوسان و بێکاری)، لە پلەی یەکەمی پڕ نەهامەترین پارێزگاکانی ئێراندا دێت.
ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای سنە گەیشتووەتە نزیکەی 112%، کە بەمەش پلەی دووەمی لەنێوان 31 پارێزگاکەی ئێراندا بەدەستهێناوە. هاوکات لە پێوەری نەهامەتیدا، بە ڕێژەی نزیکەی 117% بە سێیەمین پارێزگای زیان لێکەوتووی ئێران دەستنیشان کراوە.
پارێزگای کرماشان بە جیاوازییەکی کەم لە دوای پارێزگای سنەوە، لە پلەی چوارەمی سەرتاسەری ئێراندا جێگیر بووە لە ڕووی گرانی و توندیی گوشاری ئابوورییەوە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی ئابووری و سەختی گوزەران، بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان و خراپی دۆخی ئەمنی، گوشارەکان لەسەر دانیشتووانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند برامبەر بووە.