لە سنووری شارەدێی سمێلانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باوک و کوڕێک لە ناو حەوزێکی ئاودا خنکان و تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادی کرا.
رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، ڕایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمەکانیان بە ڕووداوێکی خنکان لە کوێستانی گوندی بێوڵەی سەر بە شارەدێی سمێلان ئاگادار کراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی خێزانەکە دانیشتووی سنووری ئاکرێن و پیشەیان ئاژەڵداری بووە کە لە وەرزی هاویندا ڕوویان لە ناوچە کوێستانەکان کردووە، و لە کاتی ڕووداوەکەدا باوکەکە بۆ ڕزگارکردنی کوڕەکەی چووەتە ناو حەوزەکەوە، بەڵام هەردووکیان گیانیان لەدەست داوە. تەرمی قوربانییەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بۆ پزیشکی دادی سۆران گواستراونەتەوە.