دوای هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوەرۆکی پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجالانی لەسەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی تاران بڵاوکردەوە.
تەمەل لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە، تیشکی خستە سەر دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان و ڕاگەیاند، ناوبراو هۆشداریی توندی دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و جەختیکردەوە کە پێویستە دەستبەجێ دەست لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و سیاسەتی لەسێدارەدان هەڵگرن.
لە پەیامەکەی ئۆجالان کە لەلایەن جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتییەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە:
"ئەگەر ڕژێمی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕانەگرێت و کۆتایی بە سیاسەتی لەسێدارەدان نەهێنێت، کورد مافی تەواوی هەیە بە شێوازێکی زۆر توند وەڵامی ڕژێمی کۆنەپەرستی مەلاکان بداتەوە."
ئەم هەڵوێست و هۆشدارییە توندەی ئۆجالان لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان پەرەیان سەندوە و کاردانەوەی بەرفراوانی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە.