ڕاستەوخۆ

پارێزگای کرماشان پلەی چوارەمی هەیە لە بەرهەمی کشتوکاڵیی ئێراندا

reset font size increase font size

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەرتی کشتوکاڵ تەنها کەرتی ئابووریی ئاسایی نییە، بەڵکو سەرچاوەی ژیان، کار و دابینکردنی بژوێنیی بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکەیە. ساڵانە جووتیارانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام ملیۆنان تەن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنن و بەشێکی گرنگ لە پێداویستییەکانی ناوچەکە و ئێران دابین دەکەن.

پارێزگای ورمێ؛ ناوەندێکی سەرەکیی بەرهەمهێنان

پارێزگای ورمێ یەکێکە لە ناوچە هەرە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی، کە تێیدا نزیکەی ٧٠٠ هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی و ١٣٠ هەزار هێکتار باخ هەیە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی شەش ملیۆن تەن. جیا لەوەش، پێشبینی دەکرێت تەنها ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لەو پارێزگایە بگاتە نزیکەی ٩٠٠ هەزار تەن.

سنە و کرماشان؛ پێگەی پێشەنگ لە ئاستی ئێراندا

بەگوێرەی نوێترین ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سنە نزیکەی ٣.٣ ملیۆن تەن بەرهەمی کشتوکاڵی، باخداری و ئاژەڵداری بەرهەم هاتووە کە بەهای ئابوورییەکەی بە نزیکەی ١٣٧ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، پارێزگای کرماشان پێگەیەکی ستراتیژیی لە کەرتی کشتوکاڵیدا هەیە و ساڵی ڕابردوو بە بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن تەن بەرهەمی کشتوکاڵی، توانی پلەی چوارەم لەسەر ئاستی ئێران بەدەست بهێنێت.

دۆخی کشتوکاڵ لە ئیلام

سەرەڕای ئەوەی پارێزگای ئیلام بەهۆی کەمیی ڕووبەر و دۆخی تایبەتی کەشوهەواوە وەک پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فراوان نییە، بەڵام ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێک تەن بەرهەمی کشتوکاڵی هەبووە و بەرهەمی گەنمی پارێزگاکەش لە ٣٤٠ هەزار تەن تێپەڕیوە.

مەترسی و ئاستەنگەکان

سەرەڕای ئەم توانا گەورەیە، کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی چەندین مەترسی و ئاستەنگ بووەتەوە، لەوانە:

وشکەساڵی و کەمبوونی توندی سەرچاوەکانی ئاو.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

پشتبەستن بە چەند بەرهەمێکی دیاریکراو.

شارەزایان پێیان وایە، گەشەپێدانی ئەم کێڵگانە و پاراستنی سەروەتە کشتوکاڵییەکان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دابینکردنی ئاوی پێویست، گۆڕینی شێوازی کشتوکاڵ بۆ سیستمی مۆدێرن و فراوانکردن و پەرەپێدانی بازاڕەکانی ساغکردنەوەوە هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.