هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"وە، پەیڕەوی و یەکگرتوویی گەلی کورد بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت، مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت.
ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک و ڕێوەبەری دەورەییی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پەیامەکەیدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی شۆڕشەکە، ڕایگەیاند کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی دیکە سەلماندی گەلی کورد خاوەن ڕێکخستن، ئیرادە و یەکگرتووییە.
سەبارەت بە مانگرتنی 16ی ئەیلوول لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەسەر بانگەوازی هێزە سیاسییەکان بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بەوە دا کە مانگرتنەکە خاوەن مانایەکی زۆر گەورەیە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پژاک پێزانینی خۆی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی کە بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و بەشدارییەکی فراوان وەڵامی بانگەوازەکەیان دایەوە و بە هەڵوێستێکی مێژوویی، ڕۆح و ئاڵای شۆڕشیان پاراست.