ئەمجەد حوسێن پەناهیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی سوپاسی باشووری کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی بەردەوامیان لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات.
ئەمجەد حوسێن پەناهیی ئاشکرای کرد، تا ئێستا 104 هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر بارەگاکانیان، کە لەم هێرشانەی دواییدا شەهیدێک و 20 برینداریان هەبووە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵە جەختی کردەوە، سەرەڕای چوونە نێو کمپەکان و پابەندبوونی تەواویان بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سەر سنوورەکان، بەڵام پێشمەرگەکانیان هێشتا بە ئامانج دەگیرێن.
ئەمجەد حوسێن پەناهیی ڕوونی کردەوە، ئەوان لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە دروستبوونی ئاستەنگ بۆ ئەزموونی باشوور، چوونەتە دەرەوەی شارەکان و سنوورەکانیان بەجێهێشتووە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵە ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە هێرشەکانی دەدات بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانیان، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە بوونی حزبە ڕۆژهەڵاتییەکان تەنها بیانوویەکە لەلایەن تارانەوە بۆ بە ئامانجگرتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.