گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی سوپا لە سەر ڕێگەی نێوان دووزخورماتوو و کەرکوک ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ڕوویداوە تەنیا جێبەجێکردنی پلانی سەربازی، ئاڵوگۆڕ و دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان بووە.
یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کشانەوەی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکانی نێوان دووزخورماتوو و کەرکوک، بە هیچ جۆرێک ڕاست نین و بێبنەمان.
دەشڵێ، ئەوەی ڕوویداوە تەنیا پڕۆسەیەکی ئاسایی دووبارە بڵاوەپێکردنەوە، ئاڵوگۆڕ و مانۆڕی یەکە سەربازییەکان بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی پلان و ڕێکارە سەربازییە پەسەندکراوەکاندایە و هیچ پەیوەندییەکی بە کشانەوەوە نییە.