ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نووجەبا یەکێک لە گرووپە دیارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاگادارییەکی توندی ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد. کەعبی جەختی کردەوە کە بە وردی چاودێریی ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلوول دەکەن و ئەگەر واشنتن پابەندی کشانەوەی تەواوەتی نەبێت، دەستپێکی جەنگێکی یەکلاکەرەوەی دژ ڕادەگەیەنن.
لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمینداری بزووتنەوەی نووجەبا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و رایگەیاند کە ترەمپ کەسێکە "لیزانە لە درۆ و گەڕان بەدوای سەرکەوتنی میدیایی و وەهمی".
کەعبی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ترەمپ نەیتوانی لە بەرامبەر ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئیدی ڕێگەی پێنادرێت لە عێراق تەنانەت سەرکەوتنێکی ڕووکەش و میدیاییش بەدەستبهێنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران وای لە ترەمپ کردبێت لە ترسا خۆی بشارێتەوە و هەڵبێت، ئەوا عێراقیش وای لێدەکات بەم نزیکانە تووشی جەڵتە ببێت."
بەگوێرەی لێدوانەکەی کەعبی. وڵاتەکەی بە "خاکی شکۆ و شانازی" ناوزەد کرد و هۆشداری دا کە ڕۆژی 30ی ئەیلوول وەک مۆڵەتی کۆتایی چاودێری دەکەن. جەختیشی کردەوە کە بە ئامادەیی، پەرۆشی و خۆسازدانی گەورەوە ڕووبەڕووی هێزە ئەمریکییەکان دەبنەوە ئەگەر بە تەواوەتی لە خاک و ئاسمانی عێراق نەکشێنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەیدا، ئەمینداری بزووتنەوەی نووجەبا دووپاتی کردەوە کە شکستی ئەمریکا تەنیا بە "گورزە بەهێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی" دەبێت لە عێراق. هۆشداریشی دا کە دوای وادەی دیاریکراو (30ی ئەیلوول)، ڕێگە نادەن هیچ سەربازێکی بیانی بە سەلامەتی لە عێراق بمێنێتەوە و تەنیا "وەک تەرم" دەیاننێرنەوە.