بزووتنەوەی نوجەبا یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دوای ڕۆژێک لە کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکانی بە رزگاربوونی عێراق لە قۆناغێکی تاریک و مۆتەکەی سەر سنگی وڵات وەسف کرد.
نوجەبا ئەم هەنگاوەی بە وەفاداری بۆ بەڵێنەکانیان بە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس هەژمار کرد و جەختی کردەوە کە ئەم کشانەوەیە ئەنجامی شکستی سەربازیی واشنتن بووە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، نوجەبا هۆشداریی توندی دا لە بەرامبەر هەر جۆرە مانەوەیەکی سەربازی، ڕاوێژکاری یان کۆمپانیای ئەمنیی ئەمریکی، هاوکات چەند مەرجێکی بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری کرد، لەوانەش، بچووککردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تاوەکو هاوشێوەی باڵیۆزخانەکانی دیکەی لێ بێت و لە شارێکی سەربازی نەچێت، کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئابووریی عێراقدا، ڕێگریکردن لە فڕینی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی وڵاتدا و دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا، ئوردن و کوێت. لە کۆتاییدا بزووتنەوەکە جەختی کردەوە کە وەک پشتیوانێک بۆ هێزە ئەمنییەکان دەمێنێتەوە لە پێناو بونیادنانی عێراقێکی سەربەخۆدا.