سعودیە بە فەرمی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد، و لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی وڵاتەکە ڕوانە دیمەشق و بەغدا کراوە بۆ گەیاندنی بانگهێشتنامەکە بە مەبەستی سەردانیکردنی ڕیاز.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیران پێشوازی لە خالید بن حەمیدان، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی گشتیی سەعوودی و شاندێکی باڵای یاوەری کردووە. لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی سعودی بانگهێشتنامەی فەرمیی پاشای سعودییەی گەیاندە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بە فەرمی سەردانی شاری ڕیاز بکات.
هەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن باسیان لە هەماهەنگیی هاوبەش، پهرهپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، و جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕوانگەی ئاراستەی حکومەتەکەیەوە، جەختی لەوە کردەوە کە هێڵە سورەکانیان پاراستنی ئاسایشی دراوسێکانە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نادەن لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ، زیان بە سەروەرییان بگەیەنرێت یان ئاسایشیان تێک بدرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە پتەوکردنی هەماهەنگیی ئەمنی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتدا کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە هاوبەشەکان.