سەرچاوە عێراقییەکان بە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتیان ڕاگەیاندووە دحکومەتی عێراقیان پلانی هەیە گەرمارۆیی بنکەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەدا بکات کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن، بە مەبەستی زەمینەسازیکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
سەرچاوەکان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایانگەیاندووە، پلانی حکومەت ڕێگە خۆش دەکات بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپای عێراق و دەزگای دژەتیرۆر دوای 30ی ئەیلوولی داهاتوو لە دەوروبەری مۆڵگە و بنکەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکان، و هەروەها لەسەر ئەو ڕێگا سەرەکییانەی کە بەرەو ئەو ناوچانە دەچن، بە ئامانجی سنووردارکردن و بەرگرتنە لە جووڵەی دابینکردنی چەک لەو بنکانەوە و بۆیان.
سەرچاوەکانی لێدوانیان بۆ ئەو رۆژنامەیە داوە دەڵێن کە هێزە حکومییەکان بە شێوەیەکی تەدریجی دەست دەکەن بە دانانی مەفرەزە و بازگەی پشکنین لەژێر فەرمانی ئەفسەراندا، تاوەکو چاودێریی جووڵەی چەک بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و موشەکەکان.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت زانیویەتی کە پلانەکە بە پلەی یەکەم سەرنج دەخاتە سەر دوو بنکەی سەرەکی، کە بریتین لە ناوچەی (جرف الصخر) مۆڵگەی سەرەکیی "کەتائیبی حزبوڵڵا"، و ناوچەی (جرف النداف) مۆڵگەی سەرەکیی "بزووتنەوەی نوجەبا"، کە هەردووکیان دەکەونە باشووری شاری بەغدا.
ئەم پلانە نیگەرانیی بەرپرسانی ئێرانیی لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکە ستراتیژییانەی لە بەردەستی ئەو گرووپانەدان، و هەروەها ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ کە ڕاوێژکارانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانییان تێدا کار دەکات.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی ئێرانی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"یان ئاگادار کردووەتەوە کە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتە لەلایەن حکومەتەوە زۆر خراپە؛ چونکە بارودۆخی ناوچەکە پێویستی بەوە هەیە کە هاوپەیمانەکان دەست بە چەکەکانیانەوە بگرن، بەتایبەتی لە ناو خاکی عێراقدا.