وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان داتای پسوولەکانی مانگی شهشی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، نیوەی هاوڵاتیانی کوردستان کەمتر لە 34 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، لەگەڵ بەردەوامیی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 90٪ی هاوڵاتیان.
بەپێی داتا نوێیەکان، تێکڕای بەکارهێنانی نیوەی ماڵان لە کوردستان 462 کیلۆوات کاتژمێر بووە، لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، نیوەی هاوڵاتیانی دهۆک کەمتر لە 38 هەزار، هەولێر 36 هەزار، سلێمانی 30 هەزار و هەڵەبجە کەمتر لە 27 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.
وەزارەتی کارەبا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ٪80ی هاوڵاتیان، بەتایبەت کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بە تێچووی پێشووی کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی.
وەزارەتی کارەبا داشکاندنی تاوەکو %50 بۆ قەرزی کارەبای پێش ڕووناکی لە بەرواری 3/8/2026 تاوەکو 10/9/2026 ڕادەگەیەنێت، ئەمڕۆش دوپاتیکردوەوە بەهیچ شێوەیەک وادەکە درێژناکرێتەوە.