سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عەرەبییەکان تیشکی خستە سەر دوایین دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە، و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دووپات دەکاتەوە لە پێناو هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەست هێزە فەرمی و نیشتمانییەکاندا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە ئامانجی زۆرترین پەلامارەکان، بە جۆرێک ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە سەرچاوەی ئەو هێرشانە ڕوونە و یان ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە ئاراستە کراون، یان لە ناوخۆی عێراق لە ڕێگەی هەندێک گرووپی میلیشیاییەوە ئەنجام دراون کە گوێ بە فەرمانەکانی دەوڵەتی فیدراڵی نادەن.
سەبارەت بەو دەنگۆ و هەواڵانەی باس لە بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکی لە ناوچەکە دەکەن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی پێویستی دا و ڕایگەیاند کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی هەریردا بوونی نییە و ئەم دۆخەش ماوەی دە ساڵە بەو شێوەیە بەردەوامە، بە پێچەوانەی ئەو پروپاگەندانەی کە لەبارەی بوونی بنکە و هێزی گورزوەشێن لەو ناوچەیەدا بڵاو دەکرێنەوە.