گەشتیارێکی عەرەبی دانیشتووی بەغدا لە کاتی مەلەکردندا لە ئاوی دەریاچەی سیروان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە خنکا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستیان بە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا کردووە.
ئەبوبەکر حسێن پەیامنێری نووچە تیڤی لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی (ئیمامی زامن)ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، گەشتیارێکی عەرەب بە ناوی (عەلی هاشم) تەمەن 31 ساڵ لە کاتی مەلەکردندا لە دەریاچەی سیروان خنکاوە. ناوبراو خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، کە بە مەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانەکەیدا لە بەغداوە ڕوویان لە پارێزگای هەڵەبجە کردبوو.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و مەلەوانی هەڵەبجە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و کارەکانی گەڕان بەدوای تەرمی گەشتیارەکەدا بەردەوامە.
ئەمە پێنجەمین حاڵەتی خنکانە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەم وەرزەدا تۆمار دەکرێت، کە دووانیان گەشتیاری عەرەب بوون.