بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئابی 2026، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە سنووری تانجەرۆی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە و بووە هۆی تەقینەوەی خەزانەکان، زیانگەیشتن بە ماڵەکانی دەوروبەری و برینداربوونی 18 کەس.
بەهۆی گڕگرتنی سووتەمەنییەکەوە چەندین تەقینەوە لە خەزانەکانی کۆگاکەدا ڕوویانداوە و بەهۆی بەهێزیی گڕی ئاگرەکە و بڵێسەکەی، لە سەنتەری شاری سلێمانی، چەمچەماڵ و پێنجوێنیشەوە دووکەڵ و ڕووناکیی ئاگرەکە بینراوە. ئاگرەکە مەترسیی لەسەر بەنزینخانەکانی دەوروبەری دروستکردووە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ڕایگەیاند تا ئیستا 18 کەس گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی سوتاوی و بارودۆخی یەکێکیان ناجێگیرە هاوکات ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە میدیکانی ڕایگەیاند بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە ژمارەیەکی زیاتر لە تیمەکانیان ڕەوانە کردووە و بە چڕی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین. ئاماژەی بەوەش کرد چەند کەسێک لە تیمەکانیان بە سووکی بریندار بوون و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە و توانراوە لە ٪70ی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، کۆگاکە 34 تانکی گەورەی بەنزین و گازی تێدایە (کە نزیکەی 3 ملیۆن و 200هەزار لیتر خەزنکراوی تێدایە) و بەنزینی بەشێکی زۆری سلێمانی دابین دەکات. ڕووداوەکەش بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان بەهۆی سەتڵێک بەنزینەوە بووە لە دەستی کەسێکدا کە خۆشی جەستەی بە سووکی سووتاوە.