ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیاری کارگێڕی و خزمەتگوزاریی گرنگی دەرکرد.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە دیاریکردنی داشکاندن بە ڕێژەی 50٪ بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای سەر هاوڵاتییان بۆ قۆناغی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی 20٪ی سەر سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆی تاوەکو 31ی 12ی ئەم ساڵ درێژ کردەوە. هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵە بڕیارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێم پەسەند کرد.
سەبارەت بە دۆسیەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاز و ڕێنماییەکانی سەرۆکایەتیی دیوانی پەسەند کرد، بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکان، فەرمانبەرانی ئاسایی دەتوانن بۆ ماوەی 5 ساڵ مۆڵەتی بێمووچە وەربگرن و دوای دەستبەکاربوونەوەیان درێژی بکەنەوە بە مەرجێک کۆی گشتیی مۆڵەتەکە لە 10 ساڵ تێنەپەڕێت. بەڵام ئەم ڕێکارە بۆ مامۆستایان، پزیشکان و دەرمانسازان جیاوازە و تەنیا مافی وەرگرتنی 2 ساڵ مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە.
لە نووسراوەکەی دیوانی حوکمەتی هەرێمی کوردستاندا جەخت کراوەتەوە، بە گوێرەی ڕێنماییە داراییەکانی ساڵی 2020، ماوەی مۆڵەتی بێ مووچەی دوای دیاریکردنی ڕێککەوتی 18ی 6ی 2020 وەک خزمەت هەژمار ناکرێت.