بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ئەنجامدانی کاری نۆژەنکردنەوە، بەشێکی ڕێگەی سەرەکیی هەولێر بۆ کەرکوک لە کاتژمێر نۆی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە داخراوە و کارکردن تێیدا دەستی پێ کردووە.
بە گوێرەی ڕێنماییەکانی هاتووچۆی هەولێر، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەولێرەوە بەرەو کەرکوک دەڕۆن، پێویستە لە مەفرەقی مورتکەوە بچنە سەر ڕێگە کۆنەکەی کەرکوک و لە شارۆچکەی قوشتەپەوە جارێکی دیکە بگەرێنەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکەی هەولێر ــ کەرکوک.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ تەواوبوونی کارەکان ڕانەگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە بەردەوامیی دەبێت. هاوكات داوای لە شۆفێران کردووە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆدا ئارام بگرن تاوەکو کارەکانی چاککردنی ڕێگەکە کۆتاییان پێ دێت.