ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئاسایی و بڕیاردەر بەڕێوە دەبات، بە مەبەستی دانانی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و تێکەڵبوونەوە بە پرۆسەی سیاسیی ئیدارەی نوێی شارەکە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەردوو نوێنەرەکەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تەرخان کراوە بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری بەشداریی حزبەکە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنەکەدا و دیاریکردنی شێوازی بەشداربوونیان لە ئیدارەی نوێی پارێزگاکەدا.
لە بارەی ئامانجەکانی کۆبوونەوەکەوە، کاوە ئەحمەد کادری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک ڕایگەیاند، سەرجەم گفتوگۆ و هەنگاوەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی دەستووردا دەبن.
ئەو کادرەی پارتی جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی حزبەکەی دروستکردنی هاوسەنگییەکی سیاسیی ئارامە لە کەرکوک بە جۆرێک، کە مافی تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە بپارێزرێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، پارتی شێوازی فەرمیی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیدارەی نوێی کەرکوکدا ڕابگەیەنێت.