لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی هۆشداری بە سەرجەم تاقیگە، نۆرینگەی پزیشکی و سەنتەرەکان دەدات و بە هەموو شێوەیەک پڕوپاگەندە و ڕێکلامکردن بۆ دەرمان، پێداویستیی پزیشکی، نرخی پشکنینی تاقیگە و چارەسەری سروشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا قەدەغە دەکات.
بەگوێرەی ڕێنماییەکان و ئاماژەدان بە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە، هەر جۆرە پڕوپاگەندە و ڕێکلامێک بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لەلایەن پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی، بایۆلۆجی، کیمیایی، دەرمانسازان و شوێنەکانی فروشنی دەرمانی گیاییەوە بە ناوی هۆشیاریی تەندروستییەوە قەدەغەیە.
لقی سلێمانیی سەندیکاکە جەخت دەکاتەوە کە ڕێکلامکردن لە ڕێگەی سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شێوەی دەنگ، ڕەنگ، کۆمێنت و نامە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە دانانی نرخ و کێبڕکێ لەسەر داشکاندنی پشکنینەکان یان بەکارهێنانی دەستەواژەی نەگونجاو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی هاونیشتمانییان کارێکی بەرپەرچدراوەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.