وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە پێناو رێکخستنەوەی سەرجەم پەیوەندییە زانستی، پیشەیی و مرۆییەکانی نێوان مامۆستایان و قوتابیاندا، کۆمەڵێک رێکاری نوێی دەرکرد کە تێیدا دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداری و هاوسەرگیری لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا قەدەخە کراوە و سزای تووندیش بۆ سەرپێچیکاران دیاری کراوە.
رێکارە نوێیەکە کە لەلایەن د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا واژۆ کراوە، لە چەند مادەیەک پێک هاتووە و سنوردارکردنی توندی بۆ جۆر و شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابیان لە سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکاندا دانووە.
بەپێی مادەی دووەمی رێکارەکان، دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندییەکی سۆزداری یان کەسی لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە، و ئەگەر هاوسەرگیری لە نێوانیاندا روو بدات، دەبێت مامۆستاکە دەستبەجێ لەو بەشە یان کۆلێژە بگوازرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی قوتابییەکە قۆناخەکانی خوێندن تەواو دەکات.
هەروەها رێکارەکان هێنانی هەر جۆرە دیارییەک بۆ مامۆستایان وەک بەرتیل پۆلێن دەکەن و رووبەڕووی رێکاری دادگاییان دەکەنەوە، هاوکات مامەڵەکردن بە زمانی زبر، هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی سێکسی خراونەتە خانەی تاوانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان مامۆستا و قوتابی سنووردار کراون و دەبێت تەنیا لە رێی نوێنەری پۆل یان سیستمە فەرمییە ئەلیکترۆنییەکانی وەک ئیمەیڵی زانکۆ و پلاتفۆرمی خوێندنەوە بکرێن.
لە مادەی سێیەمی رێکارەکاندا کە تایبەتە بە رەفتاری پیشەیی قوتابیان، باس لە قەدەغەکردنی وێنەگرتن، تۆمارکردنی دەنگ و ڤیدیۆ لە کاتی وانەدا بەبێ مۆڵەت، بەکارهێنانی مۆبایل لە هۆڵەکاندا، کێشانی جگەرە و ڤەیپ، و سازکردنی ئاهەنگی کەسی وەک رۆژی لەدایکبوون و هاوسەرگیری لە ناو زانکۆدا کراوە. هەروەها حەرەمی زانکۆ تەنیا بۆ کاری زانستی تەرخان کراوە و هەر چالاکییەکی حیزبی، سیاسی و ئایینی بێ مۆڵەت قەدەخە کراوە.
لە بەشی کۆتایی رێکارەکاندا، میکانیزمی تۆمارکردنی سکاڵا و چوارچێوەی سزاکان بە گوێرەی یاسای بەرزەفەتحکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت دیاری کراون و جەخت لەوە کراوەوە کە سەرۆکایەتیی بەشەکان و راگری کۆلێژەکان پابەندن لە کاتی دەرکەوتنی بەڵگەی سەرپێچیدا دەستبەجێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر.