ڕاستەوخۆ

لە سنووری سلێمانی لە کۆی 1,160 کارگە 700یان داخراون و سەدان کرێکار بێکار بوون

reset font size increase font size

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 1,160 کارگە لە ناوچەکەدا، 700 کارگە بە تەواوی ڕاوەستاون و داخراون، تەنیا 460 کارگە لە کارکردندا ماونەتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی بێکاربوونی سەدان کرێکار و تێکچوونی سەرچاوەی بژێویی خێزانەکانیان.

باج و بارگرانییە داراییەکان هۆکاری سەرەکین

سەرۆکی کۆمەڵەی کارگەکانی سلێمانی و سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە بەهۆی زیادکردنی باج لەسەر کارگەکان و قورسکردنی ئەرک و پێداویستییە ئابوورییەکان لەسەر خاوەن کارگەکان، بەشێکی زۆری خاوەن پیشەکان ناچار بڕیاری داخستنی کارگەکانیان داوە.

ئارام بابان، سەرۆکی کۆمەڵەی کارگەکانی سلێمانی لە بارەی دۆخی کارگەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی بەربەستکەر کەمی کردووە و ئێستا تەنیا ڕێژەی 30%ی کارگەکان بە کراوەیی ماونەتەوە و ئەوانی دیکە هەموویان داخراون.

پشتبەستن بە هاوردەکردنی کاڵا ڕووی لە زیادبوون کردووە

لە ڕابردوودا ڕۆژانە لە ناو ئەم کارگانەدا زیاتر لە 10 کاتژمێر کار دەکرا و دابینکەری بژێویی سەدان خێزان بوون. بەڵام بەهۆی ئەو بارگرانی و زیانە داراییانەی بەر خاوەن کارگەکان کەوتووە، کارەکان ڕاوەستاون و چارەنووسی بەرھەمهێنانی ناوخۆیی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو کاڵا و بەرهەمانەی کە پێشتر لە کارگە ناوخۆییەکانی سلێمانی بەرهەم دەهێنران، ئێستا بەهۆی ڕاوەستانی کارگەکانەوە ناچار لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

نیگەرانیی کرێکاران لە دروستبوونی بێکاری

داخستنی ئەم ژمارە زۆرەی کارگەکان ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرفراوانی کرێکارانی لێکەوتووەتەوە. کرێکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانمەندی یەکەم و سەرەکیی تێکچوونی ئەم کەرتە ئابوورییە ئەوانن.

یەکێک لە کرێکارە بێکاربووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی داخستنی کارگەکانەوە دەرگای بژێوییان لەسەر داخراوە و لە کاتێکدا بارگرانییەکە خراوەتە سەر خاوەن کارگەکان، بەڵام بێکاری و ئازارە کۆمەڵایەتییەکەی ڕاستەوخۆ بەر کرێکاران و خێزانەکانیان کەوتووە.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.