ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد کە بەردەوامن لە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی و توانراوە بڕی 27 ملیار دیناری دیکە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستی بەسەردا بپڕێت.
کشفکردنی پارە شاردرابووەکان
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی نەهێشتنی گەندەڵی ناوەندی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ ئەم بڕە پارەیە دەرکردووە، کە پەیوەندیدارە بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و ئەو تۆمەتبارانەی دیکە کە لەگەڵیدا تێوەگلاون.
بەدواداچوون بۆ سامانی بەهەدەردراو
ئەنجوومەنی دادوەری ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم دەستبەسەرداگرتنە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەردەوام و ورددایە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو پارە و سامانە بەهەدەردراوانەی لەلایەن تۆمەتبارانەوە زەوت کراون. ڕوونیشیکردەوە کە توانراوە ئەم بڕە پارەیە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانەوە بدۆزرێتەوە کە لەلایەن چەند کەسێکەوە شاردرابووەوە.