لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگیی چەند بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوویان، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆ ناوخۆییەکان لەبارەی کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان کۆتاییان پێدێت. هەروەها جەختکرایەوە کە هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکان بۆ نۆ وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەکەی زەیدی بە فەرمی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
هاوکات سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان کرد پەرلەمان پرۆسەی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکان خێرا بکات، بەتایبەتی پرۆژەیاساکانی بودجە و حەشدی شەعبی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنی دۆخی ئابووریی وڵات لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکاندا تاوتوێ کرا. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بە کاریگەرییە خراپەکانی دۆخی جەنگ و بەتایبەتی پەککەوتنی جوڵەی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە کرد، و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ئاستەنگە دەریاییە زیانی ڕاستەوخۆی بە ئاستی داهاتی دارایی عێراق گەیاندووە.