رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشدارییەکی توند لەبارەی دۆخی تەندروستی لە عێراق دەدات و ڕایدەگەیەنێت، کە زیاتر لە نیوەی کۆی مردنەکانی وڵاتەکە بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوەیە، هاوکات نیگەرانیی خۆی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی جگەرەکێشان لەنێو مێرمنداڵاندا دەردەبرێت.
ڕۆژی شەممە، 5ی ئەیلولی 2026، جەمیلە راعبی، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق ئاشکرای کرد، 56%ی کۆی مردنەکان لە عێراق بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، شێرپەنجە و بەرزەپەستانی خوێنەوەن. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، 88%ی منداڵانی عێراق هیچ چالاکییەکی جەستەیی ئەنجام نادەن، و 18%ی منداڵان و مێرمنداڵانیش جگەرەکێشن.
لەبارەی تەندروستیی دەروونی و دیاردەی ماددە هۆشبەرەکانەوە، راعبی ئاماژەی بەوە کرد، 14%ی حاڵەتە دەروونییەکان لە تاکی عێراقی لە قۆناغی مێرمنداڵییەوە دەستپێدەکەن، هەروەها ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە. ناوبراو جەختی کردەوە، عێراق پێویستییەکی هەنوکەیی بە زیادکردنی سەنتەرەکانی شیاندنەوە بۆ ئاڵوودەبووان و پاڵپشتیکردنی تەندروستیی دەروونی هەیە.
سەرۆکی نێردەی رێکخراوەکە ڕوونیشی کردەوە، سەرەڕای بوونی هەندێک پێشکەوتن، تەرخانکراوە داراییەکان بۆ کەرتی تەندروستی لە عێراق هێشتا کەم و ناپێویستن، ئەمەش وایکردووە خەرجییەکانی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە بەرزی بمێنێتەوە و بنکە تەندروستییەکان ڕووبەڕووی کەمیی کارمەند و پاڵپشتیی دارایی ببنەوە.