بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ و تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سنە - هەمەدان، 10 کەس گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرا لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنە، ڕووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئەیلولی 2026، ڕووی داوە و لە دوای ڕووداوەکەوە تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنەکە کراون.
سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانیی سنە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارە سووتەمەنییەکەی تانکەرەکەوە، پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە سەخت بووە. هاوکات ئازاد کەرەمی ڕایگەیاند، وردەکاریی تەواوی هۆکاری ڕووداوەکە و قەبارەی زیانەکان، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.