وەزارەتی بازرگانیی ئێران بڕیاری دا کۆتایی بە قەدەغەی سەر هاوردەکردنی کەلوپەلی ناوماڵی بەرهەمی کۆریای باشوور بهێنێت، کە پێشتر بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی قەدەغە کرابوون.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی نامەیەکی فەرمی بەڕێوەبەری هاوردە و هەناردەی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە هاوردەکردنی کەلوپەلی ناوماڵی دروستکراوی کۆریا لە لایەن دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ ناو ئێران ئازاد کراوە و ئیتر هیچ سنوورداربوونێکی بۆ نابێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەردوو براندە بەناوبانگەکەی کۆریای باشوور، (إل جی) و (سامسۆنگ)، پاش سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران پچڕاندبوو، و ئەمەش وایکردبوو قاچاخچییەکان دەست بە هێنانی بەرفراوانی بەرهەمەکانی کۆریا بکەن بۆ ناوخۆی وڵات.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاتی فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵی کۆری لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی قاچاخ ئەنجام دەدرا و لەوپێناوەشدا سەدان کۆڵبەر لە کاتی گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بوونە قوربانی.