سوپای ئێران کوژران و برینداربوونی دوو سەربازی خۆی لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداریدا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان ڕاگەیاند.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە پارێزگاکە بڵاوی کردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەگەڵ هێزێکی نەناسراو لە یەکێک لە گوندەکانی هێڵی سنووریی مەریوان، سەربازێک کوژراوە و پلەدارێکی سەربازیش بریندار بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ئیرنا، ئەو سەربازەی گیانی لەدەست داوە ناوی (ئەبوئەلفەزل گودەرزی)یە و سەربازی تیپی هێرشبەری سوپای ئێران بووە لە مەریوان.
تا ئێستاش هیچ لایەن یان هێزێک بەرپرسیارەتیی خۆی لەو تێکهەڵچوونە چەکدارییە ڕانەگەیاندووە.