ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێران بڵاویکردەوە لە ماوەی ساڵێکدا هەزار و 787 بیری نایاسایی لە سەرانسەری پارێزگای کرماشان پڕکراونەتەوە یان داخراون.
حەمید ڕەزا کەریمی، دادوەری کرماشان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرچاوەکانی ئاو بەشێکن لە سامانە نیشتمانییەکان و موڵکی هەموو خەڵکن، بۆیە هەرچەشنە هەڵکەندن و بەکارهێنانێکی بیری نایاسایی پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاساکانی ژینگەیە و دەبێتە هەڕەشە لەسەر ژینگەی ناوچەکە.
گوتیشی: دۆزینەوە و داخستنی بیرە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی کراون بۆ ئەوەی خێرایی بەم کارە بدەن، بڕیار دراوە تا کۆتایی ئەمساڵ لانیکەم هەزار بیری نایاسایی دیکە لە پارێزگای کرماشان بدۆزرێنەوە و داخستنیان تەواو بکرێت.
مەزندە دەکرێت زیاتر لە چوار هەزار بیری نایاسایی لە پارێزگای کرماشان هەبن، شارەزایانی ژینگەش هۆشداری دەدەن کە بیرە نایاساییەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی کانی و ڕووبار و زۆنگاوەکان.