فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند کە دەروازەی سنووریی چیلات لە شاری دێهلۆڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش تێپەڕبوونی دوو دەیە لە ڕاوەستان، بە فەرمی کرایەوە و بڕیارە لە ١١ی ئابی ٢٠٢٦ـەوە هاتووچۆی زیارەتکارانی تیادا دەست پێ بکات.
لە سەردانێکیدا بۆ سنوورەکە لە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٦، موهاجیرانی ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لە کاراکردنەوەی ئەم دەروازەیە کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە لەسەر دەروازەی سنووریی مێهران، و حکومەت پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچەکەی بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆ خستووەتە پلانی خۆیەوە.
دەروازەی چیلات کە ٢٨ کیلومەتر لە شاری دێهلۆران دوورە و دەکەوێتە سەر سنووری هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق، پێشتر تەنها لە هەندێک بۆنە و بە شێوازێکی سنووردار بەکار دەهات، بەڵام بەم هەنگاوە ئێستا پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە خاوەنی دوو دەروازەی سنووریی فەرمی، کە ئەوانیش مێهران و چیلاتن.