پەرلەمانتارێکی پارتیی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شنگالدا داوای لە پەرلەمانی تورکیا کرد کە بەفەرمی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی وەک "جینۆساید" بناسێنێت و هەنگاوی جددی بنێت.
دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای ڕوها و ئەندامی لیژنەی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە رووداوەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ماونەتەوە و هێشتا ئازارەکانی ئەو کارەساتی بە زیندوویی ماونەتەوە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی تیشکی خستە سەر ئامارەکانی کۆمەڵکوژییەکە و ئاماژەی بەوە دا کە لە هێرشەکانی داعشدا زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی دە هەزار ژن و منداڵ رفێنران و کرانە کۆیلە، و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێکی زۆریان نەزاندراوە و بێسەروشوێنن.
ئایان باسی لەوەش کرد کە زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی بەشێک لە ژنان و منداڵە رفێنراوەکان لە ناو خاکی تورکیادان و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و هەمەلایەنە لەم بارەیەوە بکرێت؛
هەروەها یادخستەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەم هێرشەی وەک جینۆساید ناساند و پێویستە تورکیاش بەشێوەیەکی فەرمی دان بەو ڕاستییەدا بنێت.