سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، تەنها بە دەرکردنی «یاسای چوارچێوە» ناتوانرێت چارەسەری هەمیشەیی بۆ پرسی کورد لە تورکیا بێتە ئاراوە، بەڵکو پرۆسەکە پێویستی بە گەرەنتیی ڕاستەقینەی دەستووری هەیە.
سەرحەد ئەرەن ئاماژەی بەوە کرد، دەرچوونی یاسای چوارچێوە تەنها وەک سەرەتایەک دەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی و پێویستە یاساکەش لە ڕێگەی ڕێککەوتنی گشتگیر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
ئەم پەرلەمانتارەی دەم پارتی جەختی کردەوە، لە دیدارەکانی ئەم دواییەی حزبەکەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا تا ئێستا باسی ناوەڕۆکی یاساکە نەکراوە، بەڵکو تەنها تیشک خراوەتە سەر شێوازی ڕەوانەکردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان.
سەرحەد ئەرەن باسی لەوەش کرد، دوابەدوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە، پێویستە بە کردەیی قۆناغی بە دیموکراسی کردنی تورکیا دەست پێ بکات و ڕێگە لەبەردەم کاراکردنی سیاسەتی دیموکراتیکدا بکرێتەوە.