بەشێک لە دانیشتووانی قەزای دووکان دژی خراپبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا گردبوونەوەیەکی نەڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوای چارەسەرکردنی بەپەلەی کێشەکانیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.
خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوە کرد، نەبوونی ئاو و کارەبا لەم وەرزی گەرمایەدا بارگرانیی و کێشەی زۆری بۆ دروست کردوون، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی پێداویستیی تایبەتیان هەیە.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی، شارۆچکەکەیان یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمدا، کەچی بەرپرسان کارەبای پێویستیان بۆ دابین ناکەن.
هاووڵاتییان جەختیان کردەوە، هیچ کاتێک دۆخی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیاندا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە خراپە و داوایان لە حکومەت کرد بە زووترین کات کێشەی کەمیی ئاو و نەبوونی کارەبایان بۆ چارەسەر بکات.