دوای چەندین کۆبوونەوە و بڕینی ڕێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو، بە گەیشتنی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە بۆ پەرلەمانی تورکیا، پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا چووە سەر ڕێڕەوێکی یاسایی و لە ئێستاشدا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەنگاوە کردارییەکانی داهاتووی پەرلەمان چڕ بووەتەوە.
دەستپێکی ئەم وەرچەرخانە مێژوویییە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند و بە چوونە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی و داواکردنی ئامادەبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە پەرلەمان بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی کورد و تورکدا دەست پێکرد.
بەدوای ئەوەدا و لە 27ی شوباتی 2025، پەیامی مێژووییی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندرا، کە تێیدا جەختی لە کۆتاییهاتنی سەردەمی خەباتی چەکداری کردەوە. لە وەڵامی ئەم بانگەوازەشدا، پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بڕیاری فەرمیی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکسوتاندنی دا.
لە 9ی تەممووزی 2025، ئۆجالان بۆ یەکەم جار دوای 27 ساڵ لە ڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیییەوە دەرکەوت و مانیفێستۆیەکی نوێی بۆ تێکەڵبوونی دیموکراتی، خوشک و برایەتی گەلان و بەگەڕخستنی خەباتی مەدەنی و سیاسی ڕاگەیاند.
سەرەڕای ڕەخنە و گلەیییەکان لەسەر سستیی هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا بە بەراورد بە لایەنی کوردی، دواجار ڕێکارە یاسایییەکان ڕێڕەوی خۆیان گرت، لە ڕێگەی پێکهێنانی کۆمسیۆنی پەرلەمانیی (یەکڕیزیی نیشتمانی و هاوپشتیی خوشک-برایەتی و دیموکراسی) و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئیمڕاڵی و دەم پارتی، تاوەکو گەیشتە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی یاسای چوارچێوە بە پەرلەمان، کە چاوەڕوان دەکرێت ڕێگە بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی کرداری و سەقامگیریی هەمیشەیی خۆش بکات.