مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی پارێزگاری کەرکووکی داوەتەوە سەبارەت بە چارەنووسی شارەکە و ماددەی ١٤٠، و جەختی کردووەتەوە کە ماددەی ١٤٠ نەخشەڕێگەیەکی دروست و سەردەمیانەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەی پارتیدا هاتووە کە لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بەوەی ماددەی ١٤٠ نەماوە، بە مانای بێبەهاکردن و نەمانی دەستوور دێت، و ئەگەر دەستوور نەدەمێنێت، عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەتی بەرژەوەندیی پێکهاتەکان ناکات، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکدانی تەبایی و قوڵکردنەوەی کێشەکان.
پارتی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە کە بوونی محەممەد سەمعان کەنعان بە پارێزگاری کەرکووک لە ئەنجامی "سەفەقەیەکی گوماناوی لە هۆتێل ڕەشید" بووە، و ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و سروشتی با، دۆخەکە بە شێوەیەکی تر دەبوو.
لە کۆتاییشدا داوای کردووە کە پارێزگار و بەرپرسانی شارەکە ڕێز لە دەستوور و مافی دانیشتووانی کەرکووک بگرن و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی شارەکەدا کار بکەن.