بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند کە تیمەکانیان دوای زیاتر لە ١٩ کاتژمێر لە کارکردنی بەردەوام، توانییان بۆڕیی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی چاک بکەنەوە و ئاو بۆ ئەو گەڕەکانە بگەڕێننەوە کە بەهۆی شکانی بۆڕییەکەوە بێئاو بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیدا هاتووە کە لەگەڵ بەردانەوەی ئاودا، بۆ یەکەم جار کار بە سێ پەمپی تازە دەکرێت کە لەسەر ئەم هێڵە دانراون، بەمەش دۆخی ئاو لەو گەڕەکانەی ئاو لە هێڵی دووی دووکان وەردەگرن ئاسایی دەبێتەوە.
شایەنی باسە، ڕۆژی شەممە کارکردنی ئامێرێکی شۆفڵ لە ناوچەی قولەرەیسی بووە هۆکاری شکانی بۆڕیی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی، و بەهۆیەوە چەندین گەڕەکی شاری سلێمانی و بەشێک لە قەزا و ناحییەکانی دەوروبەری بێئاو بوون.